بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەممەی وڵاتانی هەناردەی نەوت لە دۆحە، پێتەختی قەتەر كە بە مەبەستی ڕاگرتنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەگیرێ، بەشداری ناكا.
پاش ڕێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێران، ئەم وڵاتە چەندین جار ڕایگەیاندوە تا نەگاتەوە ئەم ئاستە بەرهەمهێنانە كە پێش گەمارۆكان هەناردەی دەكرد، هیچ بەرنامەیەكی بۆ ڕاگرتنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی نییە.
بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران پێش گەمارۆكان ڕۆژانە ٤ میلیۆن بۆشكە بوو، بەڵام لە سەردەمی گەمارۆكاندا تەنیا یەک میلیۆن بۆشكەی بۆ هەناردە دەكرا، بەم حاڵەش ئێران ئێستا ڕۆژانە دوو میلیۆن بۆشكە نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكا.
لە حاڵێكدا كە ولاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە دۆحە لە هەوڵی ئەمەدا دەبن كە بۆ پاراستنی نرخی جیهانیی نەوت ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆیان سابت ڕابگرن، دژایەتیكردنی ئێران ئەو هەوڵانە دەخاتە مەترسییەوە.
عەرەبستان لە مانگی مارسدا ڕۆژانە ١٠ میلیۆن بۆشكەی نەوت بەرهەم دێنا، ئەم وڵاتە ڕایگەیاندبوو كە ئەگەر ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەی بەرز بكاتەوە، ریازیش بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بەرزتر دەكاتەوە.
شایانی باسە كە ناهەماهەنگیی وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە بواری سابت ڕاگرتنی ئاستی بەرهەمهێنان، بوووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانو ئەمەش بە زیانی وڵاتانی هەناردەکەری نەوتە.