بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک و چالاکانی مەدەنی، دیداری نەورۆزانەی “جاقل” و “تەرەغە” بەڕێوە چوو.
خەڵکی تێکۆشەر و ئەندامانی گرووپەکانی شاخەوانی و چالاکانی مەدەنی سەرلەبەیانیی ٢٧ی ڕەشەمە لە کۆتا هەینی ساڵدا لەسەر لووتکەی کێوی جاقل لە سەقز و تەرەغەی بۆکان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە لە کێوی جاقل لە سەقز بە هەڵکردنی ئاگر و پۆشینی جلی خاکی، جامانە، خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و “ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە” و بڵاوکردنەوەی سروودی “شا هەڵۆ” و و لە کەشێکی ئەمنییەتیدا بەڕێوە چوو .
هەروەها خەڵکی شۆڕشگێڕی بۆکانیش لەو کەشە میلیتاریزەکراوەدا خۆیان گەیاندە سەر لووتکەی چیای تەرەغە و بە هەڵکردنی ئاگر و وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و سەمای ئازادی ڕێوڕەسمەکەیان بەڕێوە برد.
جێی ئاماژەیە کە بەکرێگیراوانی ڕێژیم هەموو رێگاکانی بەرەو تەرەغەیان ملیتاریزە کردبوو و موبایل و ماشینی خەڵکیان دەپشکنی.