لە بەرەبەری نەورۆز و یادی ٤ ساڵەی، ساڵوەگەڕی دامەزراندنی گرووپی هەڵپەرکێی “دیلان”، دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان ڕێگرییان لە بۆنەکانی ئەم ناوەندە هونەرییە کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، گرووپی هەڵپەرکێی “دیلان” لە بەرەبەری چوار ساڵەی دامەزراندی خۆیان، لەلایەن دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان ڕێگرییان لێ کراو و ئەمەش کاردانەوە توندی چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی ئەو دەڤەرەی لێکەوتەوە.
لەم بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەیکە گرووپی (کلتووری-هونەری) هەڵپەرکێی “دیلان” لە چەندین کێبرکێی ناوچەیی و جیهانیدا بەشداری کرد و چەندین سەرکەوتن و خەڵاتی مەزنی وەدەست هێنا کەوتە سەر زاران و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان و چینێک لە تورکە ڕەگەزپەرەستەکان کەوتنە بە گوشار و ئازار و ڕێگری لێکردن.
ئەو سەرچاوەیە وتی: لە سەروبەندی نەورۆز و یادی دامەزراندنی چوار ساڵەی ئەم ناوەندە هونەرییە لەلایەن دامەزراوە ئیتلاعاتییەکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە فیتی تورکە ڕەگەزپەرەستەکان هێرشێکی زۆریان کراوەتە سەر و نەیانهێشت یادی دامەزراندنی خۆیان بە پاساوی “گۆڤەند و هەڵپەرکێ یاساغە”! بکەنەوە.
لەم پێوەندییەدا لاپەڕەی فەرمی ئەم گرووپە لەسەر “ئینستاگرام” وێڕای شێعری “کوردم ئەمن”ـی ماموستا هێمن ڕایگەیاندووە”، وێڕای داوای لێبوردن، بەداخەوە نەمانتوانی لە نەورۆزدا یادی چوار ساڵەی گرووپەکەمان بکەینەوە و بەردەوام دەبین لە سەرکەوتن و دەسکەوتە جیهانییەکانی خۆمان”
هەر لەم بارەیەوە چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی داوایان لە خەڵکی کوردی باژێری ورمێ کردووە کە، ڕۆژی یەکشەممە لە سەرجەم گەڕەک و کۆڵانەکانی ورمێ بە شایی و هەڵپەرکێ وێڕای خۆشی بۆنەکانی نەورۆز پشتیوانیی خۆیان لە گرووپی هەڵپەرکێی “دیلان” دەرببڕن.