رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ٢٠٢٢، ھەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٣٤هەمین ساڵەوەگەڕی کۆمەڵکوژیی خەڵکی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی و ئەنفال و بێسەروشوێن کردنی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیل و بێتاوانی باشووری کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە بەشداریان کرد.
سەرەتای کۆڕیادەکە بە ئامادەبوونی بەشێک لە ڕەوەندی کوردی و بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجەی شەھید و ھەموو شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
لە بەشێک لەم کۆڕیادەدا بەرێز “کەیوان ڕەسووڵی ” بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای دانانی چەپکە گوڵ، چەند وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
بەرێز “ڕەسووڵی” بە رێزگرتن لە یادی پێنج ھەزار شەهیدی کیمیابارانی هەڵەبجە باسێکی لەسەر پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە هەموو پارچەکانی کوردستان پێشکەش کردوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و وەدیهاتنی رێبازی شەهیدانی کوردستان بە تایبەتی شەھیدانی ھەڵەبجە زیاتر یەکگرتوو بێت و یەکگرتوویی تەنیا رێگای رزگاری و زامنی سەرکەوتنی کوردە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا چەندین کەسایەتی وتاریان لە یادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەی شەھید دا پێشکەش کرد و ھەروەھا چەندین بابەتیان لەسەر کێشەکانی کورد لەگەڵ ھەیئەتی کۆمیتەی بریتانیایی “حدک” تاوتوێ کرد.
شایانی باسە کە ئەو کۆڕیادە لە “هۆڵەند پارکی” لەندەن لە کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ بەڕێوە چوو.