“ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جێژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە”
هاتنی نەورۆز واتە تەوابوونی ساڵێک بەهەموو خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە کە لە دێر زەمانەوە نەورۆز بووەتە بۆنەی جەژن و شادی بۆ نەتەوەی کورد. نەتەوەکەمان لە هەموو شوێنێک دەچنە سەر لووتکەی کێوەکان و ئاوری نەورۆز دەکەنەوە و مزگێنی بەهار و ئاشتی و ئازادیـی ڕادەگەیەنن.
ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێ ئاڵوگۆڕ لە بوارە جیاجیاکاندا هاتەئاراوە. سەبارەت بە درێژەدانی چالاکییەکانی بەرەی یەکگرتووی کورد لە ساڵی ڕابردوودا کۆبوونەوەی وەرزی بەهاری شۆڕای ناوەندی بەرەی یەکگرتووی کورد لە شاری ئیلام، بەڕێوە چوو. ئەم دانیشتنە هاوکات بوو لەگەڵ تەواوبوونی خولی سێ ساڵەی سکرتێری پێشوو و هەڵبژاردنی سکرتێر و جێگر و وتەبێژی نوێ و لە ئەنجامدا بەکۆی دەنگ ئەندامانی ڕێبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد هەڵبژیردرا. “بەرە” بە هێز و وزەیەکی نوێ و شێلگیرانەتر و یەکگرتووانە و لەسەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی درێژەی بە کار و چالاکیی دا و لەم ماوە کەمەدا قۆناغی باشی بڕیوە و بەهیوایەکی بەرزەوە “بەرە” هەنگاوەکانی قایمتر و توندترە بۆ ساڵی نوێ.
بەداخەوە لە ساڵی 1400دا وڵات، زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی قەیرانەکانی هەژاریی و بێکاریی و تەڵاق و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و هتد بووەتەوە. ڕێژەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و گرانی لەڕادەبەدەر و زەبروزەنگ و گرتن و ڕەوانەی زیندانکردنی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ژینگەپارێز، ڕێژەی بەرزی ئێعدام و تەنانەت کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران، ئەمانە هەمووی ڕوو لە هەڵکشانە. گرانی و بیکاریی تەنگی بە کۆمەڵگا هەڵچنیوە. دزیی و کارتۆن خەویی و لەشفروشی ئامارەکانی ڕوو لە هەڵکشانە و خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی ئاسایی. وڵات سەرقاڵی کۆمەڵێ قەیرانی دەرەکی وەک کێشەی پرسی ناوەکی و گەمارۆی ئابووری و بێ بەهابوونی پارەی ئێران لەچاو دراوی وڵاتانیترە. هەزینەی لە ڕادەبەدەری لایەنە پڕوپاگەندا حکوومییەکان و هێزە میلیشاکانی سەر بە دەسەڵات لە ناوچە و لاوازیی دامودەزگەی دیپلۆماسی لە ئاستی ناوچە و نێودەوڵەتیدا، ئاکامەکەی باری قورسی لەسەرشانی کۆمەڵگا داناوە.
بەئەنجامگەیاندنی سیاسەتی ناسەربەخۆی پشت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و نزیکیی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات، ئێرانی زیاتر لە چین و ڕووسیا نزیک کردووەتەوە. گرێبەستی 25 ساڵە لەگەڵ چین و بەڵێنی 20 ساڵە لە گەڵ ڕووسیا و نادیاریی نێوەڕۆکی ئەم بەڵێننامەیە، دڵەڕاوکێیەکی مەترسیداری خستووەتە نێو دڵی خەڵکەوە.
ئەزموونە تاڵە مێژوویەکان پێمان دەڵێن کە هەموو زلهێزەکانی جیهان بە شوێن قازانج و بەرژەوەندی خۆیانەوەن و پشت بەستن بە هەر لایەنێک بێجگەل خەسار دەسکەوتێکی نابێت.
هەڵایسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکڕاین و هێرشی ڕووسیا بۆ سەر خەڵکی بێتاوانی ئۆکڕاینی لەلایەکەوە، وە فراوانخوازی ئەمریکا و ناتۆ لە لایەکی دیکەوە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ و بێمتمانەیی هەموو جیهان وە خەڵکی لەگەڵ شەڕێکی نەخوازراوی گەورە و مەترسی شەڕی جیهانیی سێهەم و بەکارهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن زلهێزەکانەوە بەرەوڕوو کردوتەوە.
لە دەوروبەری ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و 5000 قوربانی ئەو کارەساتە لەلایەن ڕژێمی بەعسی سەدامەوە، ئێران هێرشی مووشەکی کردەسەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شاری ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان و بیانووەکەشی ئەوەیە گوایە بنکەی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج لەکاتێکدا مڵک و ماڵی خەڵکی سڤیلی ڕووخاند و سەروەریی وڵاتێکیتری پێشێل کرد.
لەکاتێکدا ساڵی نوێ جەژن دەگرین کە بەداخەوە ئەو خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، بەشێکی کەمی تەنگ و چەڵەمە و گیروگرفتەکانی کوردستان و ئێران و ناوچه و جیهانن و تارماییەکان هێندە قورسە کە لە کورتمەودادا ئاسۆیەکی ڕوون بەدی ناکرێت. بەڵام پێشینیان دەڵێن “ڕووناکی بەرەبەیان بەدوای تاریکترین ساتەکانی شەوەوە دێت”.
ئێمەی کورد بە درێژایی مێژوو زۆر ڕۆژانی تاڵترمان تێپەڕاندووە و سەرەڕای دانی باج و خەساری گەورە، لە دوای هەموو کەوتنێک هەستاوینەتەوە و سەر لەنوێ ئاگرمان کردووەتەوە و جەژنی نەورۆزمان پیرۆز ڕاگرتووە و بەدەسپێکی ساڵی تازە، سروودی هیوا و ژیانمان خوێندووە.
بەرەی یەکگرتووی کورد پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی نەتەوەی کورد دەکات کە لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا دەژین.
بەهیوای ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆشی و سەروەریی بۆ هەمووان.
بەرەی یەکگرتووی کورد
نەورۆزی 2722ی کوردی