کەیومەرس لەتیفی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری سنە، دوای یەک مانگ دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە گوازرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “کەیومەرس لەتیفی”، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری سنە، دوای یەک مانگ دەسبەسەرکران و تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیداری ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کەیومەرس لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفوونییەوە بنەماڵەکەی لە گواستنەوەی خۆی بۆ بەندیخانەی “سنە” ئاگادار کردووەتەوە.
ناوبراو لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ناوبراو بەتایبەت خوشکەکانی کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی میدیایی کردنی ئەو باسە هەڕەشەی دەستدرێژی کردنەسەریان لێکراوە و ئەو هێزانە تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیان لە “فەرید لەتیفی” برازای ناوبراو کردووە کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمانە.