لەماوەی ساڵی ڕابردوودا سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، بەهۆی ئەشکەنجەوە لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە.
بە پێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،لەماوەی ساڵی ڕابردوودا سێ بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی” ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی” خەڵکی نەغەدە و ” یاسر مەنگوڕی” خەڵکی پیرانشار، لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی و بەهۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە گیانیان لەدەستداوە و ڕێژیمی کۆنەپەرەست و جینایەتکاری ئاخوندی، تەنانەت تەرمەکانیانیشی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردۆتەوە و بە شێوەیەکی نهێنی لە شوێنێکی نادیاردا نێژراون.
ڕێژیمی ئێران لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتداری خۆیدا، بەردەوام نەیاران ودژبەرانی خۆی سەرکوت کردووە و گەلی کوردیش بەشێک بووە لەو نەتەوانەی ئێران کە باجێکی قورسی بۆ گەیشتن بە ئاوات وئامانجەکانی داوە و تەنانەت ڕێژیمی ئێران، هێندە ترسی لە خەڵکی کورد و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کوردستان هەیە کە هەر کات ڕؤلەکانی کورد لە سێدارەدەدا و یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ دەستێنێ، تەرمەکانیشێان ڕادەستی بنەماڵەکانیان ناکا.