وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، سەبارەت بە وتووێژەکانی ڤییەن دەڵێ: تا ئێستا دوو داواکاریی ئێمە کە “هێڵی سوور”ن لەلایەن ئەمریکاوە جێبەجێ نەکراوە
حوسێن ئەمیر عەبدەڵاهیان، وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی رەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە درێژەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: تیمی وتووێژی ئێمە لە ڤییەن ٤ داواکاریی سەرەکیی بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی کە لە هێڵە سوورەکانی ئێرانن داوە بە ئەمریکا و تائێستا دوو لەو داواکارییانەی ئێمە کە یەکێکیان گەرەنتی بە نووسراوەیە لەلایەن ئەمریکاوە لەهەمبەر لاچوونی گەمارۆ ئابوورییەکان جێبەجێ نەکراوە.
وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران هەروەها وتی: گەمارۆکان بەدژی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران دەبێ لابچێ، ئێمە لەسەر پاڵەوانە نەتەوەییەکانمان وتووێژ ناکەین و سپای پاسداران و بەرپرسانی یەکەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێڵە سوورەکانی ئێمەن.