سەرۆککۆماری ئەمریکا هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕەوانەکردنی یارمەتیی ٨٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ ئۆکراین وتی: پوتین بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین و کوشتنی خەڵکی بێتاوان و مەدەنی ئۆکراین دەبێ وەکوو جینایەتکاری شەڕ بناسێندرێ.
جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی رەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەربارەت بە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وتی: پوتین بە بێهیچ هۆکارێک هێرشی سەربازیی کردۆتەسەر ئۆکراین و شارەکانی ئەو وڵاتەی هەموو لە نێو بردووە و خەڵکی مەدەنیی زۆری کوشتووە هەربۆیە دەبێ وەکوو جینایەتکارێک لە دژی مرۆڤایەتی بناسێندرێ.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەوە توندترین سزا و مەحکوومکردنی سەرۆککۆماری ڕووسیەیە لە کاتی بڕیاری هێرشی سەربازیی ڕووسیەوە بۆ سەر ئۆکراین کە لەزاری سەرۆککۆماری ئەمریکاوە هاتوەتەدەر و پوتینی وەکوو جینایەتکارێکی شەڕ ناساندووە.
هەرلەم پێوەندییەدا جەین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، وێڕای پەسەندکردنی قسەکانی جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی: پوتین بە بڕیاری هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراین و کوشتنی خەڵکی بێتاوان دەبێ وەکوو جینایەتکارێکی شەڕ بناسرێ.
لەلایەکی دیکەوە دێمیتری پێسکۆف، وتەبێژی کۆشکی کرێملین، سەرەڕای رەت کردنەوەی قسەکانی جۆبایدێن وتی: قسەکانی جۆبایدێن لەسەر ولادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە قەبووڵ ناکەین و هیچ کات لە ئەو بێ ڕێزییەی سەرۆککۆماری ئەمریکا خۆش نابین.