ڕووسیە پاشەکشە لە داواکارییەکانی ئەم دواییانەی خۆی لە ڤییەن، سەربارەت بە گەرەنتی ئەمریکا لەهەمبەر پاراستنی پێوەندی بازرگانیی ڕووسیە و ئێران دەکا.
لارێنس نۆرمەن، هەواڵنێری ڕۆژنامەی” واڵێستریت ژۆرناڵ” ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا کە لەو ڕۆژنامەیە بڵاوکراوەتەوە لەزاری دیپلۆماتێکی ئورووپاییەوە دەنووسێ: میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری ڕووسیە لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە یەکیەتیی ئورووپای ڕاگەیاندووە کە مۆسکۆ بە دەسهەڵگرتن لە داواکارییەکانی پێشووی لەهەمبەر گەرەنتی بە نووسراوەی ئەمریکا بۆ پاراستنی بازرگانیی نێوان ڕووسیە و ئێران، داوای گەرەنتی بۆ درێژەی هاوکارییە ناوکییەکانی نێوان ڕووسیە وئێران لە ئەمریکا دەکا و بەم پاشەکشەی ڕووسیە لەهەمبەر داواکارییەکانی پێشووتری ڕێگە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێران لە ڤییەن خۆشتر دەبێ.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕووسیە پێشتر لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن داوای گەرەنتی بە نووسراوی لە ئەمریکا کردبوو کە بەهۆی گەمارۆکانەوە بەدژی ڕووسیە بتوانێ درێژە بە بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بدا و بەمجۆرە بتوانێ وڵاتەکەی لەو قەیرانە ئابوورییە دەرباز بکا.