هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بەدژی ڕووسیە، بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بەدژی ڕووسیە هیچ پێوەندیی بە ڕێککەوتنی “بەرجام”ـەوە نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی “ڕۆیتێرز” ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە جەختکردنەوە لەسەر هەڵسوکەوتی نەرێنیی ڕووسیە سەبارەت بە بابەتی بووژانەوەی بەرجام ، وتی: دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی لەو ماوەیەدا دوابەدوای مەرجەکانی ڕووسیە ڕاگیراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: نابێ ڕووسیە ببێتە هۆی ڕاوەستانی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی و گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بەدژی ڕووسیە هیچ پێوەندییەکی بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە نییە و ڕووسیە دەبێ لە مەرجەکانی پاشگەز ببێتەوە و دانوستانەکانی بەرجام دەست پێبکاتەوە لەبەر ئەوەی ئەگەر بەرجام دوا بکەوێ، ڕێژیمی ئێران خێراتر دەستی بە چەکی ناوکیی ڕادەگا.