چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە دەڵێ: ڕووسیە ڕەزامەندی لەهەمبەر ڕەوانەکردنی ٢٢ هەزار کەسی خەڵکی سووریە کە پێشتر دەورەی سەربازیی ڕووسیەیان بێنیوە بۆ شەڕ لەگەڵ ئۆکراین دەربڕیوە.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فەرانسە وتی: تا ئێستا ٤٠ هەزار کەسی خەڵکی سووریە بۆ بەشداری لە شەڕ بەدژی ئۆکراین ناوی خۆیان تۆمار کردووە و هەروەها ئەو ٤٠ هەزار کەسە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە ڕاهێنانی سەربازییان پێکراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا کۆشکی کرێملین ٤ ڕۆژ پێش ڕایگەیاند کە بە سووریەکان و هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیزن دەدا کە شانبەشانی هێزکانی ڕووسیە لەگەڵ ئۆکراین شەڕ بکەن.
ڕووسیە سەرەکیترین پشتیوانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە “سووریە”یە کە لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینییەوە و دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە سووریە پشتیوانی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد دەکا.
بەرپرسی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە کۆتاییی وتووێژەکەیدا دەڵێ: ڕووسیە ڕەزامەندیی خۆی لەسەر بەڕێکردنی ٢٢ هەزار کەسی شەڕکەری سووری بۆ بەرەکانی شەڕ لەگەڵ ئۆکراین دەربڕیوە کە هەموویان لە ئەندامانی وەفاداری ڕێژیمی بەشار ئەسەدن و شانبەشانی هێزەکانی ڕووسیە لە سووریە شەڕیان کردووە.