فەرماندەی بنکەی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ: ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٣ هەزار مووشەکی بالستیکی هەیە و گەورەترین مەترسییە بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ژنێراڵ کێنت مەکێنزی، فەرماندەی بنکەی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی سیشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەربازیی سێنای ئەمریکا وتی: ڕێژیمی ئێران لەماوەی ٥ تا ٧ ساڵی ڕابردوودا تێچوویەکی زۆری لە بەرنامەی مووشەکییەکەیدا کردووە و مووشەکگەلێکی بالستیکی بەرهەمهێناوە کە دەتوانن کڵاوەی ناوکیی بگوازنەوە و هەروەها ناوبراو هۆشداری دەدا و دەڵێ ئەو مووشەکانە دەتوانن زۆر بە ئاسانی بگەنە ئیسرائیل و هێزی مووشەکیی ئەو ڕێژیمە زۆر مەترسیدارە بۆسەر ناوچەکە و دەبێ زۆر بە خێرایی پێش بەو ڕێژیمە بگیردرێ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەژێر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندان و دەیانهەوێت کە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرش و هەڕەشانە لە خۆیان بەرگری بکەن.
فەرماندەی بنکەی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە؛ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران زۆربەیان هەڕەشە ئاسمانییەکانن کە لە ڕێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و مووشەکە بالستیک و کروزەکانیانەوە هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی ناوچەکە.