هاوپەیمانیی عەرەبی ڕایگەیاند کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٧ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگاکانی مەرئەب و سەعدە.
هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە؛ لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٧ هێرشی ئاسمانییان کردۆتە سەر بنکە و مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگاکانی مەرئەب و سەعدە و لە ئاکامادا ١٣ ماشینی سەربازیی میلیشیا حووسییەکان تێکشکێندراوە و کۆمەڵێکی زۆر لە میلیشیا حووسییەکان کوژراون و بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە دوو بەرپرسی هاوپەیمانیی عەرەبی، ڕۆژی سێشەممە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە؛ هەوڵە دیپلۆماتیکییەکان لەنێوان دەڵەتی یاساییی یەمەن و میلیشیا حووسییەکان لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ ڕاوەستانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە کە زیاتر لە ٧ ساڵە درێژەی هەیە، بەردەوامە.