ڕۆژی شەممە ١٢ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی، ڕێوڕەسمێک بۆ بەرز ڕاگرتنی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن لە شاری ” تورکو”ی وڵاتی فینلاند بە بەشداری نوێنەرانی کۆمیتەکانی یەکیەتیی ژنان لە وڵاتانی دەرەوە و بەشێکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوەیە لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی یەکسانی و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، بەتایبەتی دوو سیمبۆلی شەهیدی ژن، نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری و هەموو ئەو ژنانەی کە بوونەتە قوربانی نایەکسانی لە کۆمەڵگادا دەستی پێکرد.
بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی کۆپلە شێعرێک و بەخێرهێنانی میوانان و بەشداربووان لەلایەن خاتوو “کیمیا بەدەوی” بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد. پاشان پەیامی کۆمیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنان لەلایەن خاتوو “لەتیفە جەباری”ـیەوە پێشکەش کرا. ناوبراو بە ئاوڕدانەوەیەک لە بارودۆخی ژنانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ئاماژەی بە هەندێک لەو دیاردانە کرد کە لەلایەن کۆمەڵگا و لەژێر ناوی ئایین و لە چوارچیوەی یاسادا بەسەر ژناندا سەپاوە و رۆل و نەخشی ژنانی لە بەشداریکردنیان لە خەباتی سیاسی و مەدەنی و کاریگەرییەکانیان لەسەر کۆمەڵگا بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو: ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە وەک هەموو ژنانی ئێران لە ژێر ستەمی چینایەتی و ڕەگەزی و مەزهەبیدا دەچەوسینەوە، وەک ئەندامانی نەتەوەیەکی بندەست و بە تاوانی کوردبوونیش بەرەوڕووی گەلێک ئاستەنگ دەبنەوە و ئەوەش وای کردووە کە لە مەیدانی خەباتدا و پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، نەخش و ڕۆلی دیار و بەرچاویان هەبێ و شان بە شانی پیاوان لە هەر دوو بواری خەباتی نەتەوایەتی و خەباتی چینایەتیدا تێبکۆشن و لەو ڕێگەیەشدا قوربانی زۆریان داوە.
پاشان پەیامی کۆمیتەی فینلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن بەرپرسی کۆمیتە بەڕێز “قادر مەکڵاوەیی”، پەیامی یەکیەتیی ژنانی کوردستان لە فینلاند لەلایەن خاتوو ” ئەسمەر کەریم” و پەیامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان لە فینلاند لەلایەن بەڕێز “هیوا شوانی” لێپرسراوی کۆمەڵەوە پێشکەش کران.
پاش خوێندنەوەی پەیامەکان، خاتوو “شەهێن زادئەحمەد” باسێکی لەژێر ناوی “ئەرک و بەرپرسایەتی ژنانی کوردی ڕۆژهەڵات لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەدا” پێشکەش کرد.
خاتوو “شەهێن” دوای پیرۆزبایی ڕۆژی ٨ی مارس لە بەشداران و دۆستانی ڕێکخراوی ژنان، پێشەکیی باسێکی کورتی لەسەر مێژووی ڕووداوە گرینگەکانی ناوچە لە شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی، و شۆڕشە بەنێوبانگەکانی فەرانسە و ڕووسیە هێنایە بەرباس؛ هەروەها ئاماژەی بەوەدا دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، ژنی کورد بە بوونی لەمپەرکانی سەر ڕێگەی، توانی هەرچەند بە ڕێژەیەکی کەم، بەڵام کارا و مونەززەم خۆی دەربخات و لە ڕێکخراوە سینفی و سیاسییەکان لەو کاتەدا هەنگاوی باش هەڵێنێت.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا لە بابەت ڕەوتی فێمینیسمی ژنی کورددا جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی ژنانی کورد بەتایبەت ژنی کوردی ڕۆژهەڵات نابێ لە ڕێرەوێکی بەرتەسکی ژنانەدا خۆی قەتیس بکاتەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی چەپکەگوڵی ڕێز و سپاس لەلایەن خاتوو “مەحبووبە ڕەحیمی” بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی یەکیەتیی ژنانەوە بە خاتوو “شەهێن” و لەلایەن خاتوو “نەمام زەڕینفام” ئەندامی کۆمیتەی دەرەوە بە بەرپرسی کۆمیتەی فینلاندی یەکیەتیی ژنان خاتوو “زڵێخا دیباجی” کۆتایی پێهات.
جێی ئاماژەیە کە ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان ڕازێندرابووە.