مایک پۆمپێئۆ، وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی بایدێن لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران و ئەگەری لابردنی گەمارۆکان، کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پشتیوانیی تێرۆریزم لە جیهاندا ناوبرد و داوای کرد کە گەمارۆکان هەروا بە قورسی بمێننەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە دەوڵەتی “دۆناڵد ترامپ” وتی: ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانیی گرووپە تێرۆریستییەکانە لە جیهاندا و ئەو گەمارۆیانەی کە پێوەندییان بە کردەوە تێرۆریستییەکانەوە هەیە، دەبێ بەهێزتر بکرێن لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و نابێ بە هیچ شێویەک ڕێگە بەو ڕێژیمە بدرێ دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
هەر لەو بارەیەوە، “جیم بەنکس” ئەندامی کۆماریخوازانی کۆنگرەی ئەمریکاش وێرای پشتیوانی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ لەهەمبەر ڕێژیمی ئێران وتی: دۆناڵد ترامپ، مافی خۆی بوو کە بەرجامی ئۆبامای بە ڕێککەوتنێکی هەڵە لە زۆربەی ڕەهەندەکان وەسف کرد و ڕێککەوتنی ناوکیی نوێی بایدێن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران خراپترین جۆری ڕێککەوتنە.