ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەگەلێک کە هاککردنی ماڵپەڕی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیم دەردەخا ڕایگەیاندووە کە ٦٢ دامەزراوەی ئەلیکترۆنی، ٧٧ سێروێر و ٢٨٠ کامپیوتەری وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیمیان تێک داوە و کۆنتڕۆڵی ئەو وەزارەتخانەیە بەسەریانەوە نەماوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆی هاککردنی پێگەی ئینتەرنێتیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران، کە لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا وێنەگەلێک لە مەسعوود و مریەم ڕەجەوی ڕێبەرانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک لەسەر ماڵپەڕی ئەو وەزارەتخانەیە بڵاو کراوەتەوە، هەواڵی هاککرانی پێگەی ئینیتەرنێتیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ڕێژیمیان پشتڕاست کردەوە.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیلنا نووسی کە هەوڵەکانیان بۆ پێوەندی گرتن بە بەشێک لە بەرپرسان لە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد بێئاکام ماوەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم لەو بارەوە هیچ دژکردەوەیەکیان نەبووە.
شایانی باسە کە دوو مانگ لەمەوبەریش بەشێک لە بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران، یەک لەوان شەبەکەی یەکی ئێران بۆ چەند ساتێک پچڕا و گرتە ڤیدیۆییەکانی ڕێبەرانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک بەشێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو بۆوە.