ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندیی ئێران بە چڕوپڕی لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی لە کوردستانە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەردەوام و بە شێوەیەکی چڕوپڕ لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز لەلایەن خەڵکی کوردستانە و بۆ ئەم مەبەستەش پیلانێکی بەربڵاوی داڕشتووە و هەموو دامودەزگاکانی خۆی لە کوردستان خستووەتە گڕ تاکوو هەم پێش بە ڕێوڕەسمەکانی خەڵک بگرێت و هەمیش ڕێوڕەسمگەلێکی کارتۆنی و حکوومەتی بە ناوی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە کوردستان بەڕێوە ببات.
لەم پێوەندییەدا ئیسماعیل زارعیکووشا، پارێزگاری پارێزگای سنە، سەرلەئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، داوای لە مۆرە و لایەنگرانی ڕێژیم کردووە کە بە هێماکانی ڕێژیمەوە لە ڕێوڕەسمێکی کارتۆنیی ڕێژیم، کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی ڕەشەمە لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت بەشدار بن و ئەمەش بەشێک لە پیلانەکانی ڕێژیمە بۆ بەلاڕێدابردنی نەورۆزی کوردەواری و جێخستنی هێما و بۆنەکانی خۆی لەجیاتی هێما و بۆنە نەتەوەیییەکانی خەڵکی کوردستان.