یاسادانەرانی ئەمریکا لە دژکردەوە بە هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، خوازیاری هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژەکانی ڤییەن بوون.
هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، دژکردەوەی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازی لێکەوتەوە و نوێنەرانی کۆنگرەی ئەمریکا داویان کردووە هەرچی زووتر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ئێران بۆ بووژانەوەی بەرجام ڕاگرن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەری “ئەلگماینێر” ڕۆژی دووشەممە “لیز چینی”، نوێنەری کۆماریخوازی کۆنگرەی ئەمریکا لە دژکردەوە بەو هێرشەی سپای پاسداران بۆسەر هەولێر جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتی بایدن دەبێ بە زووترین کات کۆتایی بە وتووێژەکانی ڤییەن بهێنێ و سەبارەت بەو هێرشە دەبێ جیددی بێ و نابێ بۆ بەهێزکردنی ڕێژیمی ئێران کە هەڕەشەیەکە بۆسەر ئەمنییەت و ئاسایشی جیهانی، دیسان بچیتەوە نێو بەرجامێکی شکست خواردوو.
هەر لەو پێوەندییەدا “جاش گاتهایمی” نوێنەری دێموکراتەکان هۆشداری دا ئەگەر درێژە بە وتووێژەکان بدەین، نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە لە ئەگەری لابردنی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێران، ئەو پارەیە لە کوێ خەرج دەکرێ و ئێمە هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەبووڵ ناکەین، و دەدبێ هەوڵ بدەین کە نەهێڵین ڕێژیمی ئێران کە گەورەترین پشتیوانیی تێرۆریزمە لە جیهاندا، دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.