٤٩ سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بە دەوڵەتی “بایدێن”ـیان ڕاگەیەند کە پشتیوانی لە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران ناکەن.
٤٩ سێناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لەسەر ئەگەری ڕێککەوتنی جۆ بایدێن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕوو بە دەوڵەتی بایدێن ڕایانگەیاند کە، بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمریکا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناکەن و هەروەها هۆشدارییان داوە کە ئەو ڕێککەتنە زۆر لاوازتر دەبێ لە ڕێککەوتنەکانی پێشوو کە بە ئەنجام نەگەیشت و بۆ پێشگرتن لەو ڕێککەوتنە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەن.
لەو بەیاننامەیەدا، کە ٤٩ سێناتۆری کۆماریخواز واژۆیان کردووە هاتووە کە، بەربەستەکانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ئەگەری ڕێککەوتنێکی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر دەبێ لە ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی کە ڕێککەوتنێکی زۆر لاواز بوو و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە هیچ ڕێککەوتنێک پێبەند نابێ؛ بۆیە دەبێ ئەمریکا لەجیاتی ڕێککەوتن پێویستە زۆرترین گەمارۆ بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی ناچار بکرێ گەرەنتی بدا.