لە شاری داڵاهۆی سەر بە پارێزگای کرماشان دایک و کوڕێک بە دەستڕێژی گولـلەی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە شاری داڵاهۆ و لە شوێنێک بە ناوی «ملەی سەرانە» تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەک کردووە و دوو سەرنشینی ئەو ماشینە دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە، تاکوو ئێستە لەسەر هۆکاری تەقەکردنی هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە.
ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە “سوورەت سەیادی” تەمەن ٧٠ ساڵ و “پوریا ڕەزایی” تەمەن ٣٠ ساڵ، دایک و کوڕ و خەڵکی گوندی «کامران ڕەحمان» سەر بە شارۆچکەی گاوارەی شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشانە.