لە دیداری نێوان شاندێکی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە و هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتدا دوا گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە پرسی کورد لە ناوچە و پێوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان تاوتوێ کران.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕەشەمە (١٤/٣/٢٠٢٢) شاندێکی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی کاک عەلی شەمدین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی ئەم حیزبە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.
لەو دیدارەدا دوا گۆڕانکارییەکانی پرسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن شاندی میوانەوە باس کران کە تێیدا تیشک خرابووە سەر دۆخی نالەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو بەشەی کوردستان. شاندی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە ڕای وابوو کە هۆکاری ئەم دۆخە تڕاژیدیکە بۆ سیاسەتی داگیرکاریی تورکیە، دەستێوەردانی ئێران و دەستێوەردانی دەرەکیی دیکە لە کاروباری نێوخۆیی سووریە و هەروەها ناوچە کوردستانییەکانی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە.
پرسە سیاسییەکانی ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها پێوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان چەند تەوەرێکی دیکەی لێکدانەوە و باسەکانی ئەم دیدارە بوون.