بێنیامین نێتانیاهوو لەسەر هێرشەکەی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆسەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر وتی: سپای تێرۆریستی پاسداران بە ئاشکرا هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵام بایدێن هەوڵ دەدا لەگەڵ ئاخوندەکانی تاران ڕێککەوتن بکا.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، لە دژکردەوە بە هێرشی مووشەکی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر شاری “هەولێر”ـی پێتەختی هەرێمی کوردستان، وتی: دۆینێ ڕێژیمی ئێران بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردە سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانی دیکە هەروا هەوڵی ئەوە دەدەن لەگەڵ ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ڕێککەوتن بکەن.
هەروەها ناوبراو بە ئاماژە بە دانوستانەکانی ناوکیی ئەمریکا و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران، ڕێککەوتنێکە کە بە ئاسانی و ناڕاستەوخۆ کارخانەی چەکسازی دەدرێت بە ڕێژیمی ئاخوندەکان لە ئێران؛ حکوومەتی ئاخوندی نابێ بە هێچ شێوەیەک لەسەر چەکی ناوکیی ڕێککەوتنی لەگەڵ بکرێ لەبەر ئەوەی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکا و دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆسەر کۆمەڵگەی جیهانیی.