ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی لە ئۆکراین لەلایەن هێزەکانی ڕووسیەوە تەقەی لێکراو و کوژرا.
لە درێژەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئۆکراین ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەڕێوەبەری پۆلیسی کیێڤ ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی بە ناوی “برێنت ڕینۆت” لە هێرشی هێزەکانی ڕووسیە بۆسەر شاری ئەربین کوژراوە.
سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئۆکراین ڕایانگەیاند کە ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” کاری کردووە و لەگەڵ چەند هەواڵنێری دیکە لە ماشێندا بوون کە کەوتوونە بەر هێرشی هێزەکانی ڕووسیە و ناوبراو کوژراوە و ئاماژە بە برینداربوونی ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش کراوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە.
شایانی باسە کە ١٨ ڕۆژ لەمەوبەر ڕووسیە هێرشی سەربازیی خۆی بۆسەر ئۆکراین دەست پێکرد و بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەت شاری “کیێڤ” پیتەختی ئۆکراین بە تەواوی گەمارۆ دراوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووا کەوتۆتە بەر هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی هێزەکانی ڕووسیە و بۆ دەسبەسەرداگرتنی تەواوی شاری کیێڤ دەیان هێرشی کردۆتە سەر شوێنە مەدەنییەکان کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس و کوژرانی زیاتر لە سەدان کەس.