ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە مووشەکبارانی هەولێر بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و دڵخۆشکردنی مۆرەکانی خۆی، دەستی بە پڕوپاگەندە کردووە.
ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئاخوندیی ئێران لەسەر مووشەکبارانی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە،٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بۆسەر شاری هەولێر، بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و دڵخۆشکردنی مۆرەکانی خۆی لە میدیاکانی خۆیدا چەواشەکاریی و پڕوپاگەندە دەکات و لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی “مێهر”ی ڕێژیم لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا، لە زاری بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە درۆهەڵواسین بۆ میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ناوی ٩ کەسی ئیسرائیلی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە لەو هێرشە مووشەکییەدا کوژراون و هەروەها ڕایگەیاندووە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر ئاگریان گرتووە.
ئەو پڕوپاگەندەیەی ڕێژیمی ئاخوندی لە کاتێکدایە کە ئەو مووشەکبارانەی سەر شاری هەولێر هێرشێکی کوێرکوێرانە بووە و زیاتر بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە.
شایانی باسە کە جیا لەوەی کە ئیسرائیل تاکوو ئێستە هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر ئەو مووشەکبارانەی سەر هەولێر نەبووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە ئەو مووشەکبارانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.