ڕێکخراوی “کلاونسی بێسنوور” بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی مناڵانی کوردستان سەردانی چەند کەمپێکی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.
ڕۆژانی ١٤ تاکوو ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٥ تاکوو ١٠ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی، ڕێکخراوی “کلاونسی بێسنوور” لەسەر داوای خاتوو تارا عەزیزی وەکیلی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا و نیشتەجێ لە واشینگتۆن بۆ ئاشنابوون لەگەڵ دۆخی منالانی کورد سەردانی چەند کەمپێکی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.
ڕێکخراوی “کلاونسی بێسنوور ” لە ڕێگای ڕێکخراوی “تی دی ئێچ”، ڕێکخراوی منداڵپارێزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوەکانی مناڵپارێزی لە کەمپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی چەند ڕۆژێک چەند چالاکییەکیان بەڕێوە برد کە سەرگەرمی و شادکردنی مناڵان مەبەستی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیە بوو و بوونە هۆی دڵگەرمی و دڵخۆشی مناڵەکان.
ڕێکخراوی “کلاونسی بێسنوور” لە ئەمریکا دامەزراوە و بۆ مافی منداڵان بە تایبەت منداڵانی نەتەوەکانی بێ دەوڵەت کار دەکا. کار و بەرنامەی ئەو ڕێکخراوەیە پاراستنی مافی مناڵان و کارکردنە لەسەر هەست و باری دەروونی مناڵان و ساڵانە سەردانی چەند وڵاتێک دەکەن و کۆمەڵیک چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن. بەرنامەی ئەوان زۆرتر بەسەربردنی کات و دڵخۆشکردنی مناڵانە و بە تایبەت ئەو مناڵانەی کە لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.
شایانی باسە کە ڕیکخراوی”کلاونس” یەکەمین جارە سەردانی کوردستان دەکا و ئەوان لە بەرنامەیان دایە کە لەسەر پرۆژەکەیان بەردەوام بن و لە هەمانکاتدا کەسانی دیکە فێری ئەو جۆرە چالاکییانە بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پرۆژەکان بەردەوام بن و هەروەها هەوڵ دەدەن کە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مناڵان قسە بکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش سەردانی کوردستان بکەن و هاوکار و یارمەتیدەری مناڵانی کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بن.