لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی رێژیمی ئێران ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی ئێران، ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەرۆ و گەندەڵی ڕێژیمی ئاخوندی، ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارمەندانی جەهادی کشتوکاڵی بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە شارەکانی ڕامیان، بۆجنوورد، خانسار، خوڕەمشەهر، لەبەردەم بینای جەهادی کشتوکاڵی شارەکانیان، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵا لە شارەکانی دامغان، ئیسفەهان و تاران لەبەردەم بینای ئەو سەندووقە لە شارەکانیان بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی کرماشان، ئەردەبیڵ و تەورێز لەبەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو شارانە و بەشێک لە فەرمانبەر و خانەنشینکراوانی کۆمپانیای موخابەراتی ئێران لە شارە جیاجیاکان لەبەردەم بینای وەزارەتی پێوەندییەکان بەڕێوە چوو.