وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پاش هێرشە مووشەکییەکەی تاران بۆسەر هەولێر، باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە بەغدا بانگ کردووە و بە فەرمی ناڕەزایەتیی عێراقی لەهەمبەر ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر هەولێر بە ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە.
ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای مەحکوومکردنی هێرشی مووشەکیی تاران بۆسەر هەولێر، ڕاگەیاند کە ئەو هێرشە مووشەکییە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەیییەکان و سەروەریی خاکی عێراقە.
ناوبراو هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵوێزی ڕێژیمی ئێرانی لە بەغدا بانگ کردووە و بە فەرمی ناڕەزایەتیی دەوڵەتی عێراقی لەهەمبەر هێرشی مووشەکی تاران بۆسەر هەولێر بە ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەغدا هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ کە ئەو جۆرە هێرشانە بۆسەر خاکی عێراق دووپات نەبێتەوە و وتی کاردانەوەی توندیشمان لە بەرانبەر پێشێلکارانی سەروەری خاکی وڵاتەکەمان دەبێ.
هەر لەم پێوەندییەدا نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا بە مەحکوومکردنی هێرشی مووشەکیی تاران بۆسەر هەولێر و ناوبردنی ئەو هێرشە بە پێشێئلکردنی سەروەریی خاکی عێراق وتی: ڕێژیمی ئێران دەبێ بە خێراترین کات کۆتایی بە هێرشەکانی بێنێ و سەروەریی خاکی عێراق بپارێزێ.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەرپرسایەتیی ئەو هێرشە مووشەکییەی بۆسەر هەولێر وەئەستۆ گرتبوو و هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئەو مووشەکانە ناوەندێکی سەر بە ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج.