بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی ڕایگەیاند کە ئەمریکا داواکاریی ڕووسیەی، سەبارەت بە گەرەنتی ئەمریکا بۆ وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەنی ڕەت کردۆتەوە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ڕۆژنامەی واڵ ئێستریت ژۆرناڵی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن هیچ گەرەنتییەک نادا بە ڕووسیە و لە هیچ وڵاتێکیش قەبووڵ ناکا کە دەوری گەمارۆکان لێ بدا و لەگەڵ ئێراندا بازرگانی بکا و هەروەها مۆسکۆ تەنیا یەک حەوتوو کاتی هەیە کە داواکارییەکەی خۆی وەربگرێتەوە.
ناوبراو هەروەها وتی: ئەگەر ڕووسیە تا کۆتایی ئەم حەوتوویە، سوور بێ لەسەر داواکارییەکەی و وڵامێک بە ئەمریکا نەداتەوە، ئەمریکا ناچار دەبێ زۆر بە خێرای ڕێگاچارەیەک ببینێتەوە.
هاوکات بەرپرسانی وڵاتانی ئورووپایی بە ڕۆژنامەی” واڵ ئێستریت ژۆرناڵ”یان ڕاگەیاندووە کە ڕووسیە بەڵێنی دابوو کە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوونی بکاتەوە کە چ جۆرە گەرەنتییەکی دەوێ.
جێگەی ئاماژەیە کە سێرگەی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، پاش سەپاندنی گەمارۆ بێوێنەکانی کۆمەڵگەی جیهانیی بەدژی ڕووسیە، بەهۆی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، داوای لە ئەمریکا کردبوو کە ئیزن بدات، ڕووسیە لەگەڵ ئێراندا پێوەندیی بازرگانی هەبێ.