یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە یادی ٧٦ساڵەی دامەزرانیدا ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە برد.
پاش نێوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانییەوە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی قەڵای دێموکرات بە بەشداری بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە و پیاوانی یەکسانیخواز ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان بەتایبەتی دوو شەهیدی سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، شەهیدان نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری دەستی پێکرد.
پاشان پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنان بەبۆنەی یادی ۷٦ ساڵەی دامەزرانی ئەو یەکیەتییەوە لەلایەن خاتوو موژگان عەلیپوور سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە پێشکەش کرا.
خاتوو موژگان عەلیپوور بە ئاوردانەوەیەکی کورت لە مێژووی دامەزرانی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان وتی: دامەزرانی یەکیەتیی ژنان ۷٦ ساڵ پێش ئێستا و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا نیشانەی بایەخدانی سەرۆککۆماری یەکەم دەسەڵاتی کوردی، پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە بە پرسی ژنان و گرینگیدان بە بەشداریی ژنان لە بوارە جیاوازەکانە.
ناوبراو لە بەشێک لە پەیامەکەیدا لەسەر خەباتی ئێستا و ڕابردووی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: ژنانی ڕۆژهەڵات ئێستا چاوەڕوانی دەرفەتەکان نین و خۆیان دەرفەتەکان دەخوڵقێنن و لە زۆربەی هەلومەرجەکاندا پێشەنگن، بۆیە هەر بزوتنەوەیەکی سیاسی و مەدەنی لە ئێراندا لە ئارادابێ ناتوانێ هێزی ژنان لەبەرچاو نەگرێ و بەشدارییان پێ نەکا، لەبەر ئەوەی کە ژنان بەشێکی چارەنووسسازی مەسەلەکانی ناو کۆمەڵگەن.
دیاربوونی ژنان لە مەیدانی تێکۆشانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات و نموونەی بەرزی ژنانی تێکۆشەر لەو ڕێگایە شەهید سوهەیلا قادری و شەهید نەسرین حەداد، بەشێکی دیکەی باسەکەی سکرتێری گشتی یەکیەتیی ژنان بوو و بە ئاماژە بە ئەرکەکانی یەکیەتیی ژنان لەو قۆناغدا کۆتایی بە قسەکانی هێنا.
بەشی کۆتاییی ڕێوڕەسمەکە بە چەند گۆرانی لە وەسفی ژندا لەلایەن هونەرمەند ڕزگار شەڕەفکەندی و تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی کچان و کوڕانی “تیپی هەڵپەڕکێی ڕۆژهەڵات” و خوێندنەوەی پەخشانێک لەلایەن کاک کەریم فەرخەپوور و تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی لەلایەن ژنانی ئەندامی لەمێژینەی ڕێکخراوەکە ڕازێندرایەوە.
چێی ئاماژەیە کە ڕێوڕەسمەکە بە گۆرانی هونەرمەند ڕزگار شەڕەفکەندی و شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.