بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی” فیرووز مووسالوو” خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی پارێزگای ورمێ سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فیرووز مووسالوو، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی “موحاریبە و شەڕی چەکداری” لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی “ورمێ”وە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
فیرووز مووسالوو کە پێشتر ئەندامی حیزبێکی کوردستانی دژبەری ریژیمی ئێران بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، پاش وەرگرتنی ئەماننامە لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمەوە لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم کردووە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ دوای پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لەو بەندە ڕاگیراوە.