فێرگەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شاری پیرانشار بەبۆنەی کۆتاییهاتنی خولێکی فێرکاریی زمانی کوردی، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان لە فێرخوازانی سەرکەوتوو و دەرچووی خولەکەی بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، فێرگەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شاری پیرانشار لە کۆتاییی خولێکی فێرکاریی زمانی کوردی، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ڕێزلێنان لە بەشداربووانی خولەکە بەڕێوە برد و لەو ڕێوڕەسمەدا دەرچووان و سەرکەوتووانی خولەکە خەڵات کران.
لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای پێشکەشکردنی چەند وتارێک لەلایەن بەڕێوەبەرانی فێرگەی سەلاحەدین بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە، لەنێوئاخنی باسەکاندا جەختیان لە پێویستیی فێربوونی زمانی کوردی کردەوە؛ هەروەها باس لە بایەخدان بە خوێندنی زمانی کوردی و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و گرینگیدان بە کولتوور و فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەواری کرا.