ژن و پیاوێکی ئەفغانی لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە بە بەرچاوی خەڵکەوە گولـلەباران کران.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەفغانستان، شەوی ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پارێزگای غور لە ڕۆژاوای ئەفغانستان، ژن و پیاوێک لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە بە بەرچاوی خەڵکەوە گولـلەباران کران.
ڕاگەیاندنەکانی ئەفغانستان لەو بارەوە ڕایانگەیاندووە کە ئەو ژن و پیاوە بەهۆی بوونی پێوەندیی ناڕەوا لەلایەن بنەماڵەی ژنەکەوە کوژراون، بەڵام کەسوکاری پیاوەکە وتویانە کە ئەو کەسە فەرماندەی سەربازیی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان بووە و لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە گولـلەباران کراوە.
جێی ئاماژەیە کە لە کاتی هاتنی سەرکار و بەدەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان، کوشت و کوشتاری کاربەدەستانی حکوومەتی پێشوو و خەڵکی ئاسایی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.