ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “سولەیمان یوسفزادە” لە ناوچەی شاروێران، بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاک سولەیمان یوسفزادە، ئەندامی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی “گابازەڵە”ـی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە کەسوکار و ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دێموکرات کرد.
کاک سولەیمان لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوییەوە ئەندامێکی دڵسۆز و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات بووە و لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و هاوکاری گەیاندن بە تێکۆشەرانی حیزب لە هیچ بارودۆخێکدا کەمتەرخەمی نەکردووە و کەسێکی تێگەیشتوو و بە بیروباوەڕ بووە و چەند جارێک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ماڵ و ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە و وێڕای ئەو مەترسییانەش بەردەوام پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بووە لەو ناوچەیە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک سولەیمان یوسفزادە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی ناوچەی شاروێران دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.