ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی “ژینبانانی بۆکان” لە ئاوایی “خوڕخوڕە”ـی ئەو شارە چالاکییەکی بەرینی نەمامچاندیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “ژینبانانی بۆکان” بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆژی ژینگە، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژینگەپارێز و ژینگەدۆستانی شاری بۆکان و خەڵکی ناوچەی گەورکی ئەو شارە و بە پێشوازیی گەرمی خەڵکی ئاوایی “خوڕخوڕە” ڕێوڕەسمی چاندنی نەمان لە گۆڕستانی مێژوویی ئەو گوندەیان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییەدا، دەیان کەسایەتیی خۆشناو و ناسراوی ناوچەکە، شاعیران، مامۆستایان زمانی کوردی و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی ناوچەی بۆکان لە ڕێوڕەسەدا بەشدارییان کردبوو و زیاتر لە دووسەد نەمامی “بەڕوو” و “ئەڕئەڕ”ـیان چاند و هەر لەو ڕێوڕەسەمەدا دوای باسکردن لە بابەتگەلێکی جۆراوجۆری ژینگەپارێزی، مەدەنی و کەلتووری، ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.