لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بە ڕۆچوونی زەوی، کەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوەژێرزەوینییەکان و گواستنەوەی ئاوی ناوچەکانی کوردستان بۆ ناوەندی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسییەکانی سەر کشتوکاڵ زیاتر پەرە دەسێنێت.
جیا لە سەرچاوە سروشتی و بەتایبەت سەرچاوە ئاوییەکان، کشتوکاڵی کوردستانیش لە جیهاندا ناوبانگێکی تایبەتی هەیە و ئەمەش یەکێکی تر لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی کوردستانە، بەڵام لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان و وشککردنی سەرچاوە ئاوییەکان وڕۆچوونی زەوی، بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کێشەی جیددی و مەترسیدار بۆ سەر ژینگە و سروشتی کوردستان و ئەمەش زیانێکی زۆری بە باخداران و کشتوکاڵی کوردستان گەیاندووە.
بەپێی بەراوردی کارناسانەی کارناسی بواری کشتوکاڵ و سەرچاو ژێرزەوینییەکان؛ ئەگەر لە کوردستان و بەتایبەت پارێزگای لوڕستاندا وشکەساڵی، ڕۆچوونی زەوی، بەفیڕۆچوونی ئاوی ژێرزەوی و گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ ناوچەکانی تری ناوەندی ئێران بە جیددی وەرنەگیرێت، لە چەند ساڵی داهاتوودا دۆخی کشتوکاڵی کوردستان زۆر لە ڕادەی چاوەڕوانکراو دەکەوێتە مەترسییەوە.
لەم پێوەندییەدا داریوش حەسەننژاد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای لورستان ڕایگەیاندووە: ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ئەمساڵدا بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٢٠ سانتیمتر، ئاوی کانیاوەکان ٢١٪ کەمی کردووە و بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردووشاد زیاتر لە ٤٦٪ کەمی کردووە، هەروەها بەنداوەکانی ئەم پارێزگایە ٢٤٪ ئاویان تێدایە و بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا ٥٢٪ ئاوی بەنداوەکان کەمتر بووەتەوە.