چالاکێکی مەدەنیی بەندکراو بەناوی ” زەرتوشت ئەحمەدیڕاغێب” لە یەکێک لە بەندیخانەکانی تاران لە بیستەمین ڕۆژی مانگرتنیدا وتی: حکوومەتی ئاخوندی کۆتایی پێهاتووە.
بەپێی هەواڵی “ئێران وایر”، ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، زەرتوشت ئەحمەدیڕاغێب، چالاکی مەدەنیی بەندکراو لە یەکێک لە بەندیخانەکانی شاری تاران، ماوەی ٢٠ڕۆژە بەدژی نادادپەروەری حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران مانی لە خواردن گرتووە و لە فایلێکی دەنگیدا، وتی: بەهۆی واژۆکردنی بەیاننامەی ١٤چالاکی سیاسی و مەدەنیی ناوخۆی ئێران سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و تا ئێستا نەک هیچ ئاوڕێکم لێ نەدراوەتەوە بەڵکوو هەموو مافەکانیشم لە بەندیخانە پیشێلکراوە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەیکە حکوومەتی ئاخووندی کۆتایی پێ هاتووە.
ناوبراو ئاماژەی بە واژۆکردنی ئەو بەیاننامەیە کرد کە ژمارەیک چالاکی ناوخۆیی ئێران لەو بەیاننامەیەدا داوای دەست لە کارکێشانەوەی “خامنەیی” و گۆڕانی ڕێژیمی ئێرانیان کردبوو، هێزە سەرکوتکەرەکان دەسبەسەریان کرد و ماوەی ٢٠ڕۆژە لە یەکێک لە بەندیخانەکانی شاری تاران مانی گرتووە و دەڵێ دۆخی بەدندیخانە لەو پەڕی خراپی خۆیدایە و ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆزەخێکیان بۆخۆیان دروست کردووە و حکوومەتی ئاخوندی بەرەوە کۆتاییەکانی تەمەنی خۆی دەڕوا.