بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، پارتی سەوزی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنانی بۆ ٥٠ چالاکوانی ژن لە بارەگای ئەو پارتە لە شاری سلێمانی پێکهێنا.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، پارتی سەوزی کوردستان، بە هەماهەنگی ژنانی پارتی سەوز، بەبۆنەی٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە ڕۆژی جلوبەرگی کوردیدا و هەروەها ساڵیادی ڕۆژەکانی ڕاپەڕین، ڕێوڕەسمی ڕێزڵینان لە ٥٠ چالاکوانی ژن لە بارەگای پارتی سەوز لە شاری سلێمانی بەرێوە چوو و ئامانج لەو ڕێوڕەسمە ڕێزلێنان لە ژنانی چالاک لە بوارەکانی سیاسی، مافی مرۆڤ ، ژینگە پارێزی بوو.
ڕێوڕەسمەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستیپێکرد و پاش ڕاگەیاندنی بەرنامەکان ڕێوڕەسمەکە بەوتەی بەڕێز “ملکۆ ژینگە” سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان درێژەی کێشا و ناوبراو وێڕای بەخێرھاتنی بەشداربووان ڕۆڵی ژنانی کوردستانی لە بوارە جۆراوجۆرەکان بەرزنرخاند.
جێگای ئاماژەیە کە هیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی سۆران نووری، ئەندامی ڕێبەری حیزب بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا ڕێزنامەیەک پێشکەش بە ٥٠ژنی چالاکوان لە بوارە جۆراوجۆرەکان کرا و یەکێک لەو ژنانە خاتوو خەدیجە مەعزووری بوو کە ڕێزی لێگیرا و ڕێزنامەی پێشکەش کرا، ھەروەھا کاک سۆران نووری ڕێزنامەی پێشکەش بە چەند خاتوونی چالاکوان کرد.