وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بەئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باش و بەردەوام.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆزیڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ڕێککەوتنی ناوکیی زۆر نزیکە ئەگەر ئەمریکاییەکان پێبەند بن بە مەرجەکانی ئێمە و بیانهەوێت ڕێککەوتن بکەن، ئاکامی وتووێژەکان هەموو وڵاتانی بەشدار دیاری دەکەن و بەتەنیا وڵاتێک هیچی پێ ناکرێ و ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ ڕێککەوتنێکی باش و بەردەوام دەخەینە گەڕ.
هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند، وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن گەیشتوون بە خاڵێکی هەستیار و لە ئێستادا ئەمریکا و ئێران دەبێ لە گۆڕینەوەی پەیامەکانیاندا نەرمی زیاتر بنوێنن و هەوڵ بدەن خێرا تێپەڕبوونی کات لە پێش چاو بگرن.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی تویتەکەیدا دەڵێ: ئەمریکا هێندێک داواکاری نوێی هەیە کە دژایەتیی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێران هەیە و ئەمریکا ناتوانی بە بیانووی گوشاری بیروڕای گشتیی وڵاتەکەی هەر رۆژەو قسەیەکی نوێ و جیاواز لە ڕێگەی ڕێکخەری وتووێژەکانەوە بگەینێ بە تیمی وتووێژی ئێران لە ڤییەن.