عەلی موتەهەری: ڕووسیە بە سیاسەت خۆی خزاندووەتە ناو سیستەمی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسێکی پلەبەرزی ڕێژیم دەڵێ: لە کتێبە دەرسییەکانیشدا هەندێ بابەتی گرینگی مێژوویی کە لە بەرژەوەندی ڕووسیەدا نییە پاک کراونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندنە ناوخۆییەکانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، عەلی موتەهەری، جێگری پێشووی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتی: ڕووسیە ئەوەندە خۆی خزاندووتە ناو سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و زۆر بە وردی لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم تێکەڵ بووە هەتا لە کتێبە دەرسییەکانیشدا هەندێ چیرۆکی مێژوویی هەیە کە بەدژی ڕووسیە بوو ئەوانەیان پاک کردووەتەوە و ئەوە بە مانای ئەوەیکە لە ڕووی مێژووییەوە فێڵ لە خەڵک دەکەن و ئەوەش چەواشەکارییەکی گەورەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دروستکردنی کێشە لە لایەن ڕووسیەوە لە دانوستانەکانی ناوکیی ڤیەن و پشتیوانیکردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکراین وتی: ڕووسیە بە تەواوی خۆی خزاندووتە ناو حکوومەتی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردان لە کاروباری سیتماتیکی ڕێژیمدا دەکا و ژمارەیەک بەرپرسی پلەبەرزی ڕێژیم هەیە کە، سیاسەتی نە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتیان لە بیر کردووە و تەنیا هەوڵی بەرژەوەندی خۆیان دەدەن.