پرۆژەی کۆمپانیای سیمانی شاری دێلوڕان لە پارێزگای ئیلام زیاتر لە ١٦ ساڵە بە بیانووگەلێکی بێبنەما پشتگوێ خراوە و هیچ بایەخێکی پێ نادرێت.
پڕۆژەی دروستکردنی کۆمپانیای سیمانی شاری دێلوڕان لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی، لەلایەن ناوەند و دامودەزگا پێوەندیددارەکانی ڕێژیمەوە بڕیاری پێویستی بۆ وەرگیرا بەڵام تاکوو دوو ساڵ دواتر واتە ١٣٨٦ی هەتاوی، هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ هەڵنەگیرا و کاربەدەستان و بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە بە بیانووگەڵێکی جیاواز دوو ساڵ بوودجەی ئەو پۆۆژەیان دەخوارد،پاشان لەسەر ناڕەزایەتیی خەڵکی دێلوڕان کارەکانی دروستکردنی کۆمپانیاکە دەستی پێکرد و هەنووکەش پاش زیاتر لە ١٦ سال هێشتا بە نیوەچڵی ماوەتەوە و بەپێی هەواڵی میدیاکانی خودی ڕێژیم؛ تاکوو ئێستە زیاتر لە ٥٠ میلیارد تمەنی ئێرانی لەسەر ئەو کۆمپانیا خواروە و بە نیوەچڵی بەجێیان هێشتووە.
شایانی باسە کە بەپێی بەراوردی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و شارەزایانی ئەو بوارە ئەگەر ئەو کۆمپانیایە دروست بکرێت هەلی کار بۆ زیاتر لە ٤٠٠ کەس دابین دەکرێت و ئەمەش دەتوانێت کۆمەڵێک لە کێشەکانی ئەو ناوچانە و بەتایبەت شاری دێلوڕان و بواری بێکاریی چارەسەر بکات.