ئەمریکا: گومان دەکرێ ڕووسیە لە چەکی شیمیایی لە دژی ئۆکراین کەڵک وەربگرێ.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، جێن ساکی، وتەبێژی دەوڵەتی ئەمریکا وتی: بانگەشەکانی ڕووسیە لەبارەی دروستکردنی تاقیگەی چەکوچۆڵی بیۆلۆژیکیی ئەمریکا لە ئۆکراین ڕاست نییە و ئەو وڵاتە بۆخۆی سەرقاڵی پلان دانانە کە بە چەکی شیمیایی هێرش بکاتە سەر ئۆکراین.
ناوبراو وتی: ئەو بانگەشەی ڕووسیە فێڵێکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی بیشارێتەوە کە ئەو هێرشانەی کردوویەتە سەر ئۆکراین و بێ هۆکار خەڵکی مەدەنی کردۆتە قوربانی هێرشە سەربازییەکانی خۆی و پێشتریش بەرپرسانی پلەبەرزی وڵاتانی عەرەبیش نیگەرانیی خۆیان لە بارەی هێرشەکانی ڕووسیە خستبووە ڕوو کە ڕووسیە لە هێرشەکانیدا خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و ڕاستەخۆ نەخۆشخانەکان و بە تایبەت نەخۆشخانەی منداڵانی کردووەتە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایانگەیاند لە ماوەی هێرشەکانی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین زیاتر لە ٥هەزار سەربازی ڕووسی کوژراون.