ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ بەلاڕێدابردنی ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکانی نەورۆز لە کوردستان هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە کوردستان، بە هەموو شێوەیەک هەوڵەکانی بۆ بەڵاڕێدابردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی نەتەوەییی خەڵکی کوردستان چڕوپڕتر کردووەتەوە و لە هەوڵی ئەوەدایە کە بەسەر ئەو ڕێوڕەسمانەدا لە گوند و شار و ناوچەکانی کوردستان زاڵ بێت و ئامانجی لەو هەوڵانەش ئەوەیە کە ڕێڕەوی ئەو ڕێوڕەسمانە بۆ بۆنەیەکی حکومەتیی ڕێژیم بگۆڕێت.
ئەم هەوڵانەی ڕێژیم داگیرکەری ئاخوندیی ئێران لە پارێزگای سنە زۆرترە و لەم پێوەندییە و لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا بە شۆرای شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکانی نەوزۆر بە دەستەوە بگرن و نەهێڵن هێما کوردییەکان لەو ڕێوڕەسمانەدا بەکار بهێندرێن.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە؛ ڕؤژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سوپای تێرۆریستیی پاسداران ٣٠٠ کەس شۆرای شار و گوندەکانی دەوروبەری شاری سنەی کۆ کردووەتەوە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە دەبێت سەرجەم ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی سوپادا و ئەمە ناڕەزایەتیی هەندێک لە شۆراکانیشی لێکەوتۆتەوە.
هەروەها ٥٠ هاووڵاتیی شارەدێی “نێ”ی سەر بە شاری مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی سوپا لەو ئەو شارە بانگ کراون و بە هەڕەشە و گوشار بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە کە بەشداری ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ نەکەن.