بۆ جارێكی دیكەو بە هۆی جیانەكردنەوەی بەندكراوانی بەپێی سزاكان زیندانییانی سیاسی تووشی کێشه هاتن.
مستەفا سەبزیو عەلی یەگانە دوو بەندكراوی سیاسیی بەندی ١٣ی بەندیخانەی ورمێ كە تایبەت بە بەندكراوانی مەترسیداری وەك مادەی هۆشبەرو بکوژهکانه، ڕۆژی ٢٣ی خاكەلێوە بەندكراوانی دیكە بە چەقۆو قەمە هەڵیانكوتاوەتە سەر بەندكراوانی سیاسیو بە توندی برینداریان كردوون.
هێندێك لە بەندكراوانی ئەم بەندیخانەیە لەسەر ئەم باوهڕهن كە ئەم بەندكراوە مەترسیدارانە كە لەلایەن كاربەدەستانی بەندیخانەوە هورووژێندرابوون، بە چەقۆو مستو پێلاقە هەڵیانكوتاوەتەسەر دوو بەندكراوی سیاسیی ئەم زیندانە.
مستەفا سەبزی مانگی جۆزەردانی ٩٣ دەسبەسەرو لە لقی ١ی دادگای شۆڕش بە تۆمەتی” هەواڵدان دژی ئەمنیەتی میللی” لە ڕێگەی پێوەندیی ئهو بە حیزبێكی دژبەری كۆماری ئیسلامیو، بە بێ پارێزەر حوكمی ١٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاند.
عەلی یەگانەش لە مانگی خەرمانانی ٩٣ هەر بەم تۆمەتە دەسبەسەرو تا ئێستا لە بەندیخانەدا ماوەتەوە، بە بێ ئەوەی كە حوكمیان بۆ بڕیبێتەوە.
جێی باسه زیندانی ورمێ بەندی تایبەت بە زیندانیانی سیاسیی هەیە، بەم حاڵه و بەهۆكاری ناڕوون بەندكراوانی سیاسی تێكەڵ بە زیندانییە مەترسیدارەكان دەكەن. ئەم بەندكراوانەش چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوەو تەنانەت مانیان لە خواردن گرتووەو داوای گواستنەوەیان بۆ بەندی سیاسی كردەوە. بەڵام كاربەدەستانی پێوەندیدار هیچ ئاوڕێكیان لە داواكانیان نهداوهتهوه.