وتەبێژی کۆشکی کرێملین:بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر نەوت و گازی ڕووسیە دیار نییە کە ئاڵۆزیی و گرانییەکانی بازاڕی جیهانیی نەوت چ کاتێک کۆتایی دێ.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بە وەیکە ئەمریکا بە کردەوە شەڕی ئابووری بەدژی ڕووسیە ڕاگەیاندووە وتی: ئەمریکا بە ڕاگەیاندنی شەڕی ئابووری بەدژی ڕووسیە، بازاڕی جیهانیی نەوتی تووشی کێشە کردووە و دەوڵەتی ڕووسیەش بێدەنگ نابێ و هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ پووچەڵ کردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ئابووریی ڕووسیە دەخاتە گەڕ.
هەرلەم پێوەندییەدا سەرۆک وەزیرانی ڕووسیە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بە خێراترین کات لیستی ئەو کەلوپەل و پێداویستییانەی کە هەناردەکردن وهاوردەکردنی لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکاوە بۆ ڕووسیە و بە پێچەوانەکەشی لە ڕووسیەوە بۆ ئورووپا وئەمریکا قەدەغە دەبێ ڕادەگەیێنین.
سەرۆک وەزیرانی ڕووسیە هەروەها وتی: بۆ تۆڵەکردنەوە لە یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا لە یەکەمین هەنگاودا هەناردەکردنی گەنم قەدەغە دەکەین و ڕووسییەش گەمارۆگەلێک بەدژی ئەو وڵاتانە دەسەپێنێ.