هاوکات لەگەڵ قۆناغی کۆتایی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، جێگری سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا وتی: لە دەوڵەتی داهاتووی کۆماریخوازەکاندا، ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیی دێتەدەرەوە.
مایک پێنس، جێگری سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی” ئیسرائیل هیووم” وتی: بە گەیشتنە دەسەڵاتی کۆماریخوازەکان لە دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکادا، بەرجام دەبێتە ڕێککەوتنێکی کورت ماوە و بەو شێوەیەی کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا لە بەرجام هاتەدەرەوە سەر لە نوێ ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە دێتەدەرەوە و ڕێککەوتنی ناوکیی بە تەواوەتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەڵدەوەشێتەوە.
ناوبراو دەڵێ: من لەسەر ئەو باوەڕەم کە کۆماریخوازەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا کۆنترۆڵی مەجلیسی سێنا و مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەستەوە دەگرن و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ی زایینییدا کۆشکی سپی و ئەمریکا وەردەگرینەوە.
مایک پێنس هەروەها ڕووبە تیمی وتووێژی ئەمریکا لە ڤییەن وتی: دەبێ تیمی وتووێژی دەوڵەتی جۆبایدێن ئەوە باش بزانێ کە دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا بە دەست کۆماریخوازەکانەوەیە و بەو خێراییەی کە ترامپ لەو ڕێککەوتنە هاتەدەرەوە کۆتاییی بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران دێنین.
ناوبراو لە کۆتایی وتووێژەکەدا بەئاماژە بە زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا وتی: ئێمە بە ڕێژیمی ئێران و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی سەر بە تارانمان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاندووە کە دەورانی تێرۆر و ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی لە جیهانی عەرەبدا کۆتایی پێهاتووە.