دەزگای زانیارییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنی ساڵانە، ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی جیددیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەڕێوەبەری دەزگای زانیاریی نیشتمانیی ئەمریکا، لەسەر هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە، ئەو هەڵسەنگاندنە جەختی لەسەر جیدییترین هەڕەشەکانی تاران بەدژی ئەمریکا کردووەتەوە کە لە درێژەی ساڵی داهاتوودا پێشبینی دەکرێ و دەبێ بە تەواوی ڕێگە لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران بگیردرێ بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشەیەکی جیددی.
لە هەڵسەنگاندنی ساڵانەی دەزگای زانیاریی نیشتمانیی ئەمریکا، لە بەشی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوو کە تاران هەروا بەردەوامە لەسەر ئەوەی نفووزی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە و بەو شێوەیە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکا و هەوڵێکی دیکەی تاران ئەوەیە کە دەیهەوێ هێزی خۆی لە وڵاتانی دراوسێ بسەپێنێ بۆ ئەوەی ببێتە هەڕەشەیەکی جیددی و مەترسیدار بۆ ناوچەکە و جیهان بە گشتی، بەڵام ئەمریکا ڕێگە بە دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی نادا و دەبێ هاوپەیمانانیش بە هەمان شێوە ڕێگە بە سەرەرۆییەکانی خامنەیی لە ناوچەکەدا نەدەن.