لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی گەندەڵی ئاخوندی، ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی ئێران ٢٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ڕێژیمی ئێران، لە شارەکانی ئێران ٢٢ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییی کارمەندان و خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابراتی شارەکانی تاران، ئەهواز، ئیسفەهان، شیراز، قوم، تەورێز، مەشهەد، ئیلام، شەهریکورد، زەنجان، ئەراک، ساری، ئەردەبیل و یەزد لەبەردەم بینای ئیدارەی موخابراتی شارەکانیان، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی کۆمپانیای فڕۆکەوانی هۆما لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم لە تاران بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییی مامۆستایانی پارێزگای خووزستان بۆ پشتیوانی لە سێ ئەندامی ڕێکخراوی سێنفیی مامۆستایانی ئەو پارێزگایە لەبەردەم دادگای ئەهواز، کرێکارانی شارەوانیی شووش لەبەردەم بینای شارەوانیی ئەو شارە، کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم، کارمەندانی وێستگەی کارەبای نکا لەبەردەم بینای ئۆستانداریی مازەندەران و خاوەن ماشینەکانی شاری لامرد لەبەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە بەڕێوە چوو.
هاوکات کرێکارانی شارەوانیی کووت عەبدوڵا بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام دەستیاندایە مانگرتنی گشتی.