سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڤییەن وتی: بە هیچ جۆرێک پاشەکشە لە داواکارییەکانمان ناکەین.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: ئێران لە خواست و داواکارییەکانی بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی پاشەکشە ناکا و هێڵە سوورەکانی ئێمە دەبێ لە وتووێژەکان پارێزراو بێ.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: لابردنی هەموو گەمارۆ سەپێندراوەکانی ئەمریکا بەدژی ئێران، گەرەنتی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیی نەچێتە دەرەوە و هەروەها داخرانی پەروەندە ناوکییەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ئێرانەوە لە ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە، سەرەکیترین داواکارییەکانی دەوڵەتی ئێرانە بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام.
هاوکات لەگەڵ چوونەسەری گومانەکان لەسەر چارەنووس و بێئاکام مانەوەی وتووێژە ناوکییەکان لە ڤییەن، ڕەزا نەجەفی، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ئیسمائیل بەقایی، باڵوێزی ڕێژیم لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و عەلی باقریکەنی، بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن، شوێنی وتووێژەکانیان لە ڤییەن بەجێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.
هەر لەم پێوەندییەدا دوو کەس لە دیپلۆماتە ئورووپاییەکانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە ڕۆژنامەی” واڵ ئێستریت ژۆرناڵ”یان ڕاگەیاندووە کە؛ ڕوون نییە بۆچی باقریکەنی، ڤییەنی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ تاران و ئەگەر لە ئێستادا تاران و واشینگتۆن بڕیاری کۆتاییی خۆیان نەدەن، ڕێککەوتنی ناوکیی تووشی مەترسی دەبێتەوە و ئەو وتووێژانە تووشی شکست دەبنەوە.