سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، کوژرانی دوو ئەفسەری سەر بەو هێزەی پشتڕاست کردەوە کە لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریە کوژرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی دەوڵەتی سووریە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە دوو ئەفسەری سپا کوژراون و لە هەمان کاتیشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە، لە کۆتاهێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر مۆڵگەکانی سپا لە سووریە دوو ئەفسەری پلەبەرزی سپای پاسداران بە ناوەکانی “ئێحسان کەربەلاییپوور و مورتەزا سەعیدنەژاد” کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتەکانیاندا تەنیا باسی کوژرانی دوو کەسیان کردووە کە وەکوو بەرگریکاری “حەرەم” ناویان هێناوە، بەڵام سپای پاسدارانی ڕێژیم لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە دوو سەرهەنگی سپای پاسداران لە هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری “دیمەشق”ـی پێتەختی سووریە کوژران.